✅ ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگا؛ پێویستەکان، چوارچێوەی مێژوویی، داخوازییەکان و چارەسەرەکان
✅ ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگا؛ پێویستەکان، چوارچێوەی مێژوویی، داخوازییەکان و چارەسەرەکان
🔹 معتصم محمودی (قەقنەس)
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن، پێم خۆش بوو لێدوانێکم ببێت سەبارەت بەو داڵغانەی دەمێک ساڵە لە بیریانام و بۆتە هۆی ئازاری من زۆر کەسی وەکوو من.
ژنان رۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگادا و ئەگەر «رۆڵە پەیوەست کراوەکان»یان بخەینە بەر چاو واتە دایک، خوشک، هاوسەر، کچ، پوور، خاڵۆژن، ئامۆژن و براژن و ...، ئەکرێ زۆر ئاسایی بسەلمێت نەبوونی ژن واتە نەبوونی ژیان. ئێستا جگە لەم رۆڵە پەیوەست کراوانە ئەگەر سەرنجی «رۆڵی بەدەست هێنراو»یش بدەین وەکوو پزیشک و ئەندازیار و ژمێریار و بەرگدروو و پارێزەر و دەیان و بگرە سەدان رۆڵی گەورە و گرنگ هەیە کە ژنان لە ئەستۆیان گرتووە.
وا دیارە رۆڵی گرنگ و بنەرەتی ژن بۆ هەمووان ئاشکرایە و کەس برنگاری گرنگیەکەی نابێتەوە. بەڵام ئەوەی کە جێی داخە، ئەم بابەتەیە کە ئەبینین، پیاوان لەگەڵ دانپێدانیان بە گرنگی رۆڵی ژن، لە دەستکەوتنی مافەکانیان بە زۆری بوونە هۆی ئازار و کەمترخەمی بەرامبەر بە ژنان.
ئەگەر بیرۆکەیەکی ئیدەئالی بگرینە بەر چاو و سەرنجی دروشم و دێڕەکان بدەین، دەرئەکەوێت کە مرۆڤ وەکوو دروشم، دانی بە مافی ڕەوای ژندا داناوە و لە بەیاننامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتراوە کە رەگەز چ مێ و نێر، نابێ ببێتە هۆی دەستکەوتنی زۆرتر لە مافەکان.
دواتر و لەوەش گرنگتر، ئێمەی موسڵمانیش لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە ئاشکرا پێمان گێشتووە کە رەگەز پێوەندی بە چاک یان خەراپ بوونی مرۆڤەکان نییە و پێوەری ڕێز لە لای خوای گەورە تەنیا چاکەکاری و خۆپاراستن لە گوناه و تاوانە. «ئایەتی ۱۳ی سورەتی حجرات»
بەڵام ئێستا هەرچەندە دروشمەکانی مرۆڤایەتی و ئایینی، دان بە مافی ڕەوای ژناندا ئەنێن، بەڵام لە رواڵەتی ژیاندا ئەبینین کە ئەو بابەتە بە درێژایی مێژوو پێشەل کراوە و بەردەوامیش هەتا ئێستا بە زۆری پێشەل ئەکرێت.
ئەگەر لە هۆکارەکانی ئەم پێشەلکاریە بدوێن، لەوانەیە زۆر بن؛ بەڵام بە بۆچوونی من سێ خاڵی گرنگیان زیاتر جێی سەرنجن کە لەم بابەتەدا ئاماژەیان پێ ئەکەین:
یەکەم: لە بواری جەستەیی پیاوان، وزە و هێزێکی زۆرتریان لە ژنان هەیە و لەوانەیە لە کاتی ئاڵۆزی و گرژی بە تایبەت ئاڵۆزی ژن و مێردایەتیدا قسەی ئاخر بە کەسی بەهێزتر بکرێت؛ تەنانەت ئەگەر بێ بنەماتریش بێت، کە بەداخەوە ئەمە جۆرێک لە ژیانی ئاژەڵانەیە و دەردێکی گرانە کە مرۆڤی پەروەردە نەکراو پێوەی ئەتلێتەوە. بە داخەوە لەم حاڵەدا ژنان وەکوو ئامرازێکی ژیان پێناسە ئەکرێن و مرۆڤەکان تەنیا زیندوون و ئەژین و هیچ کات نازانن ژیان چییە!
دووهەم: ماوەی ۵ بۆ ۶ هەزار ساڵە کە مێژووی نووسراوەی مرۆڤ بوونی هەیە و بە خوێندنی کۆمەڵناسانەی ئەو مێژووە، دەرئەکەوێت کە بە پێنووس و بیرۆکەی پیاوانە نووسراوە و ئەمە ڕەگەزی نێر بووە کە هەستەکانی خۆی تۆمار کردووە و جیهان و کۆمەڵگا و پێوەندیەکان و تەنانەت پێناسەی ژنیش لە روانگەی پیاوانەوە نووسراوە و ژن هیچ هەستێکی دیار و بەرچاوی بۆ نووسین و دەربڕینی هەستەکان و بۆچوونەکانی خۆی نەبووە و بەداخەوە روانگەی مێژوویمان بە گشتی پیاوانەیە. ئەوەی کە جێی دڵخۆشیە ئەمەیە کە لە دوو سەدەی ڕابردوودا و بە هاتنی بیرۆکەی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە مێژوو و توێژینەوەکان وەکوو هێرمێنۆتیک و فیمینیزم، تا ڕادەیەک ئەم هەڵەیە ڕاست کراوەتۆ و ژنان ئێستا ئەتوانن ژیان و هەستەکان و ئامانج و ئاواتەکانیان لە روانگەی ژنانەی خۆیانەوە دەربڕن.
کێشەی هۆکاری سێهەم بریتیە لەوەی کە پیاوان تەنیا بە هزر و پێنووس و کردەوەی خۆیان گەشە ئەدەن و ئیتر هزر و پێنووسی ژنانە ئەبێ لە ناخی دەروونی ژناندا بخنکێت و هیچ کات نەتوانێ خۆی دەربڕێ. جا بەم جۆرە ژیان وەکوو پەلەوەرێکی لێ دێت کە بیهەوێ بە یەک باڵ هەڵ فڕێ و باڵ بگرێ؛ دیارە هیچ باڵندەیەک توانای باڵ گرتنی بە یەک باڵ نییە و باڵ گرتن و هەڵفڕین بە دوو باڵە کە دێتە دی.
ئەگەر تەواوی مێژووی مەرۆڤ سەرنج بدەین، بە زۆرینە پیاوان خاوەنی دەستکەوت و مال و میرات و سەرمایە بوون و ژنان هەمیشە و بەردەوام چاو لە دەست بوون و مافی ئەوەیان نەبووە کە بتوانن خاوەن دەسەڵات بن. نائینی پیرۆزی ئیسلام هات و بە یاسای مارەیی و دان پێدان بەوەی کە ژنانیش ئەبێ خاوەن داهات و سەرمایە و میراث بن، شۆڕشێکی گەورەی دژ بەم غەدەره بەرپا کرد و ئەو بابەتەی ڕاست کردووە بەلام بەداخەوە پیاوان بە لیکدانەوە بە قازانجی خۆیان تا ئێستاش ئەو یاسای ئیسلامیان بە جوانی بەڕێوە نەبردووە. جا تا ئەو کاتێ ژنان خۆیان خاوەن مال و میرات و سەرمایە نەبن، ناتوانن ئاڵووگۆڕێکی بەڕچاو لە ژیانی خۆیاندا بدی بێنن. بەداخەوە ئەم بابەتە لە وڵاتانی پێشکەوتووش دا بوونی هەیە.
ئەگەر سەرنج و لیکدانەوەی بۆ بکەین، باش دەرئەخریت کە پارە و سەرمایە لە تەواوی جیهاندا زیاد لە ٩٠٪ بە دەست پیاوانە و ژنان هەر چاو لە دەستن و ئەمە پیاوانن کە قسەی ئاخر ئەکەن.
ئێستا کە ئاماژەمان بە هۆکارەکانی ئەم پێشەلکاریە کرد؛ یەک بابەت ئەبێتە پرسیاری سەرەکی کە بریتییە لەوەی «بۆچی گرنگە مافی ژن بپارێزین؟ یاخود قازانجی پاراستنی مافی ژنان بۆ کۆمەڵگا چییە؟»
شایەد کۆنترین و گەورەترین رۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا وێنەی «دایک/داڵک» بێت کە لە بڕێک لە ژیوەرە مێژووییەکاندا تا ڕادەی پەرستن چووە. بۆ نموونە لە ژیوەری زۆر مێژوویی ئالامتۆ (ئیلام)، پلەی دایک وەکوو یەزدانێک پەرستش کراوە و جێی ڕێزی بێ سنوور بووە. دایکان ئەرکی سەرەکیان لە مێژوودا بۆ پەروەردەی منداڵ بووە و بێگومان دایکانی لێهاتوو و بە توانا منداڵانی بە ئەزموون و ڕاهێنەریان پەروەردە کردووە. بۆ نموونە بی بی مەریەمی بەختیاری منداڵێکی وەکوو عەلی مەردان خانی لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردووە و ئێستا مایەی شانازی نەتەوەیێکە.
جا هەر کات ژنان مەیدانیان پێ درابێت کە رۆڵی شیاوی خۆیان بگێڕن و متمانەبەخۆ بوونیان باش بێت، بێگومان نەتەوەیێکی ژیر و زیرەک و بە ئەزموونیان داڕشتووە.
دواتر دەربڕینی هەستی ناسکی ژنانە و لە پاڵ هەستی زبری پیاوانەیا، ئەکرێ ببێتە تێکەڵێکی شیاو و هەوێنێکی پیرۆز بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵگا.
ژنان ئەگەر بتوانن هەستی خۆیان تۆمار کەن و هزری خۆیان بنووسن و بڵێنەوە و ژیان لە روانگەی ئەوانیشەوە وەڕازێت، جا ئەمجارەیە کە وێنەی ڕاستەقینەی ژیان دێتە دی و ئەتوانین ژیان وەکوو پەلەوەرێکی بێ وێنە ببینین کە بە هەر دوو باڵ بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن هەڵفڕیوە و گەشە و نەشە ئەکات.
دایکان و خوشکانی لێهاتوو و زیرەک بێگومان ئێستاش و لە داهاتوودایش کۆمەڵگایەکی لێهاتوو و زیرەک دائەرێژن.
ژن ماڵ و میرات نییە و خۆی خاوەنی هەست و بیر و بڕیارە. ژن ئامرازێک نییە بۆ ڕێکلام کە ئەبێ بەردەوام خەریکی جوانکاری و میکیاژ بێت بۆ پەسەند کردن. ژن مادام ژنە خاوەنی ڕێزە. ژن بۆخۆی ئەکرێ و ئەتوانێ خاوەنی مووچە و داهات بێت بە بێ جیاوازی رەگەز. ژن هەوێنی و ئارامی ژیانە و ژنانن کە ئەتوانن پیاوانێکی باش پەروەردە کەن. ژنان تەنانەت هێڵەک و بێژەنگن بۆ پیاوان کە لە سنوور دەرنەچن.
ئێستا کە باش گرنگی جێگە و پێگەی ژن مان بۆ دەرکەوتووە؛ پێویستە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی لێهاتوومان ببێت، ژنانێکی لێهاتوو و پسپۆرمان ببێت و ئەبێ بڕێک هەنگاوی بۆ هەڵگرین کە بریتین لە:
هەنگاوی یەکەم وەبیر هێنانەوەی ئەو دروشمەیە کە رەگەز نابێ ببێتە هۆکاری گەیشتن بە قازانج و داهاتی زیاتر و پێویستە داڕشتنی کۆمەڵگا هەر لە بنەماڵەکانەوە دەست پێ بکرێت و دایکان و باوکانمان ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هێڵە سوورە بپارێزن و دواتر لە میدیاکان و ئامێرەکان بانگەشەی زۆرتر بکرێت و مەیدان بدرێت بە خاتوونەکانمان کە بتوانن پێناسەی دونیا لە ڕوانگەی ژنانەیه
خۆیانەوە بکەن و ببنە خۆیان هۆکارێک بۆ لێک حاڵی بوونی بەرامبەر بۆ پیاوان.
هەنگاوی دووهەم ئەمەیە کە ژنان لە ماڵ و میرات و مووچە و دەسەڵات، وەکوو پیاوان بەشدار بکەین و ئەو ڕێز و دەسەڵاتەی کە شیاوی مرۆڤە بە گشتی بەوانیش بدرێت چوونکە بێگومان قازانجی ئەم هەنگاوە دواتر لە ژیاندا دەردەکەوێت کە چەندە مایەی ئاشتی و تەبایی ناو بنەماڵەکانە.
هەنگاوی سێهەم ئەوەیە کە ژن و پیاو بە تایبەت لە ژیانی هاوبەشدا تەمرینی گوێبیستن بکەن و بتوانن لە هەستەکان و داخوازییەکانی یەکتر ئاگادار بن و ژیان بکەنە ئەو بەهەشتەی خوا وەعدی پێ داوین.
کۆمەڵگا کاتێک ئەبێتە بەهەشت کە ناو بنەماڵەکانی ئاوادەن بکەینەوە جا چ لە بواری ڕواڵەت دا بێت و لە بواری دەروونی و پێوەندیەکانا.
لە کۆتاییدا ئاماژە بە فەرموودەی پێغەمبەری خۆشەویستمان (دخ) ئەکەم کە فەرموویێتی: ژنان ئەمانەەتی خوا لەسەر زەوین و پیاوان ئەبێ زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو ئەمانەتە بن و نەکەن دژ بە ژنان تووشی تاوان بن.
هیوادارم ئەم نووسراوە ببێتە هەنگاوێکی هەرچەندە بچووک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پلە و پایەی ژنان لە کۆمەڵگادا.
کۆتایی