✅ وتووێژ (Conversation - گفتگو)

3 خرداد 1404 - خواندن 8 دقیقه - 176 بازدید

✅ وتووێژ (Conversation - گفتگو)

🖊 معتصم محمودی (قەقنەس)



لە سەردەمێکدا کە زانست بە خێراییێکی یەکجار زۆر بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی ناوە و پێوەندی ناو مرۆڤەکان زۆر ئاسایی بۆتەوە؛ پێویستە کە پیلان و نەخشەی شیاوی ئێستامان بۆی ببێت.
سەردەمی ئێستا، کاتێکە کە بۆ هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئێمە زۆر زۆر بە ئاسایی لەگەڵ کەسانێک لە هەر شوێنێکی زەوی پێوەندی ئەگرین و بە یارمەتی وەڕگێری زمان، لە مەبەست و بۆچوونەکانی یەکتر ئاگادار ئەبینەوە.
جا ئەمە پێویستی به پێوەندی و وتووێژ لەگەڵ مرۆڤ زۆر زیاتر لە جاران بۆ ژیانی ئێمە دەرئەخات و ئەبێ باش ئاگاداری دەوروبەری خۆمان بین.
بە پێی قسەی ڤیلیام گلاسێر (۱۹۲۵ _ ۲۰۱۳) پزیشکی دەروونی گەورەی وەڵاتی ئامریکا کە خاوەن گریمانەی هەڵبژاردن (Choice Theory) بووە، پێی وایە، مرۆڤ ئەگەر بیەوێت ژیانێکی ئاسایی و بەختەوەرانەی ببێ، ئەبێ پێنج پێداویستی بنەرەتی لە ژیانی بێنێتە دی کە بریتین لە:
۱. پێویست بە مانەوە
۲. پێویست بە دەسەڵات و بایەخ و لێهاتوویی
۳. پێویست بە ئازادی و خۆسەری
۴. پێویست بە خۆشی و چێژ و فێربوون
۵. پێویست بە خۆشەویستی و پێوەندی
جا گلاسێر پێی وایە کاتێک مرۆڤ خۆی بە بەختەوەر ئەزانێ، کە ئەم پێنج پێداویستیەی بۆ هاتبێتە دی و ئیتر وەکوو ئاوات بۆی نەمابێت.
ئەگەر جوان سەرنجی پێویستی پێنجەمیان واتە «خۆشەویستی و پێوەندی» بدەین و بمانەوێت شیکاری لەسەر بکەین، بۆمان دەرئەکەوێت کە ئێمە وەکوو مرۆڤ ئەبێ بتوانین پێوەندیمان لەگەڵ یەکتر ببێت و لەگەڵ پێوەندی، هەست بە خۆشەویستی و خۆشویستن بکەین. جا هەستێکی دوو لایانەیە و کاریگەری بەرامبەر دروست ئەکات.
هەنگاوی گەورە و بنەرەتی پێوەندی، وتوێژە کە ئەکرێ بڵێین لە هەموویان گرنگترە. وتووێژی نێوان مرۆڤەکانە کە هەستی جۆراوجۆر لە ناخا دروست ئەکات و ئەبێتە هۆی هەڵوێستی جیاواز. بۆیە زۆر گرنگە ئێمە بزانین و بتوانین وتووێژ وەکوو یەکێک لە کارامەییەکانی ژیان بناسین و بەکاری ببەین.
کاتێک کە گرنگی وتووێژ ئاوا دیارە لە ژیانی ئەم سەردەمەدا؛ بە داخەوە زۆربەی مرۆڤەکان لە وتووێژی خۆیان بەرامبەر بە خەڵکی و هەروەها پێچەوانەیشی، دڵخۆش نین و تووشی ئازاری زۆر ئەبن!!
وتووێژ هەروەها کە زانیمان جێگە و پێگەی زۆر گەورەی هەیە لە ژیانی مرۆڤ دا و سەرنجی زۆربەی دەروونناسان و کۆمەڵناسان و فەیلەسووفەکانی ڕاکێشاوە.
هەروەها خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆز دا زۆر بە چڕی باسی لە وتووێژ کردووە و لە دەیان شوێندا، ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ، ئاماژە بە گرنگی وتووێژ ئەکات و ئەکرێ بڵێین سەرانسەری قورئان، وتووێژێکە کە خوا لەگەڵ مرۆڤەکانی کردووە.
بۆ نموونە خوای گەورە لە «ئایەتی ۱۲۵ سورەتی نحل»، داوا لە نێرداروەکەی ئەکات کە بە شێوەی وتووێژ و بە باشترین شێواز بانگەواز بۆ بەرنامە و ڕێگای پەروەردگار بکات.
هەروەها لە «ئایەتی ۱۸ی سوورەتی زمر» لە یەکێک تایبەتمەەندیەکانی ئیماندار ئەفەرمێت؛ کە ئیماندار گوێبیستی هەموو قسەکان ئەبێت و باشترین قسە هەڵ ئەبژێرێت.
کەواتە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش، گرنگی بە وتووێژ ئەدات و وەکوو خاڵێکی گەورەی ئیماندار لە ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی دا ناوی لێ ئەبات.
زانایانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە سەرسامیەوە دان بەسەر ئەم بابەتەدا ئەنێن و بە شوێنکەوتنی فەرموودەی خوا، ووتووێژ زۆر بە گرنگ ئەزانن و پێیان وایە هەر وەک خوای گەورە جەختی لەسەر کردووە؛ وتووێژ ئەتوانێ چارەسەری زۆرینەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بێت.
ئەگەر بمانەوێ هۆکارەکانی نەبوونی وتووێژ لە کۆمەڵگادا ناو ببەین و شی بکەینەوە ئەکرێ بەم خاڵانە ئاماژە بکەین:
۱. هەست بە زۆر زانی
۲. خۆ بە زل زانین
۳. نەبوونی سەماخ و متمانە بە خۆ بوون
۴. نەبوونی توانا لە کارمەییەکانی ژیان (وەکوو شیکاری کێشە و بیری ڕەخنەیی و بیری داهێنەر)
ئەکرێ بڕێک خاڵی کەش دیاری بکرێت بۆ ئەم بابەتە بەڵام ئێمە لەسەر ئەم چوار خاڵە شیکاری ئەکەین و ئومێدمان وایە قازانجی ببێت. باقی خاڵەکانیش ئەسپێرین بە خۆشەویستان.
ئێستا گرنگی وتووێژ بۆ هەموومان سەلماوە و ئەزانین گەورەترین ئامرازە بۆ پێوەندی نێوان مرۆڤ، بە هەر بۆچوون و باوەڕێکەوە.
جا پرسیار لێرەدا دێتە ئارا کە؛ دەی باشە ئەگەر وتووێژ ئاوا گرنگە ئەبێ ئێمە کەی فێری ببین و ئەو قسانەی کە ئێمە لە ڕۆژدا ئەکەین، کامەیان لە بازنەی وتووێژە و کامەیان لەو بازنەیا نییە؟
لەو ڕۆژەوە کە منداڵی ساوا، چاوی بە بینینی دونیا هەڵ دێت، خەریکی پێوەندی و وتووێژە لەگەڵ دەوروبەری خۆی بەڵام تۆزێک جیاواز لە دایک و باوکی!!
وتووێژ بە دوو جۆری وتاری و ئاکاری دابەش ئەکرێت. واتە ئێمە هاوکات کە بە دەم و زمانمان خەریکی قسەین؛ بە دەست و چاو و هەستیشمان خەریکی پێوەندی و وتووێژین. جا منداڵیش هەر لەو سەردەمەوە کە دێتە دونیا بەو ئامرازانەی پێیێتی، خەریکی پێوەندییە.

بۆ وەڵامی پرسیاری دواترمان ئەبێ بڵێین هەر جۆرێک قسە لەگەڵ هەر کەسێک، جۆرێکە لە پێوەندی و وتووێژ. بەڵام ئایا هەموو وتووێژێک قازانجی هەیە بۆ ئەستەم کردنی پێوەندی؟ بێگومان وەڵام ئەدەینەوە نە!!
ئێمە زۆر جار لە پێوەندی خۆمانە لەگەڵ مرۆڤەکان بە جێی ئەوەی سوودمان دەست کەوێ؛ تووشی ئازار و ناخۆشی ئەبین و بە دەگمەن وتووێژ ئەبێتە هۆی دڵخۆشیمان.
جا چار چییه؟؟
بۆ ئەوەی ئێمە لە هەڵسوکەوتی خۆمانا بەرامبەر بە دەوروبەرمان سەرکەتوو بین و وتووێژێکی شیاومان ببێت، پێویستە ئەم خاڵانە ڕچاو بکەین کە بریتین لە:
۱. وتووێژ بابەتێکی دوو لایانەیە و پێویست ئەکات ڕێزی هەر دوو لا پارێزراو بێت. ئێمە ڕێزمان لە هیچ کەس زیاتر نییە و نابێ خۆمان بە کەسێکی زۆر بایەخدارتر له خەڵکی بناسین و بناسێنین؛ چوونکە ئەو کات لە وتووێژدا سەرکەوتوو نابین و خەڵکی لێمان دوور ئەبنەوە. دواتر هیچ کات لەگەڵ کەسێک کە خۆبەزلزانە و هەست بە گەورەیی ئەکات مەچنە وتووێژ!! چوونکە تووشی ئازار و بێ ڕێزی ئەبن و کەسایەتیتان ئەچێتە بەر مەترسی ڕووخان.
۲. هەر کەس لە ژیانی خۆیدا خاوەن تەجرەبە و زانیاریێکە کە لەوانەیە کەسی کە جوان نەیزانێ، بۆیە وتووێژ بریتییە لە گۆڕینەوەی تەجرەبە و زانیاری بەرامبەر. بۆیە هیچ کەس ناتوانێ بڵێ من بێ نیازم لە بیستن و تەنیا ئەبێ قسە بکەم. کەسانێک کە هەست بە زۆرزانی ئەکەن لە وتووێژدا، بەرامبەری خۆیان تووشی ئازار ئەکەن و پێویستە پێداچوونەوە بەو ئاکارەیا بکەن. دواتر وتووێژ لەگەڵ کەسێک کە هەست بە زۆرزانی ئەکات بێ چێژە و زوو وەڕێزتان ئەکات. تەنانەت قازانجی قسەیشی لەبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی، لێ وەرناگیرێت. جا پێویست ئەکات خۆتان لە وتووێژی ئەو کەسانە بپارێزن.
۳. پێشنیازی وتووێژێکی سەرکەوتوو، ڕێز گرتن لە ئازادی بەرامبەرە لە وەرگرتنی هەڵوێست و بۆچوونی جیاواز. لە وتووێژدا جاری وایە دوو لایەن لەسەر بابەتێک ڕێ ئەکەون، بەڵام جاری وایە ڕێکەوتن نایەتە دی و بۆچوونەکان جیاواز ئەمێننەوە و پێویستە لەم کاتانەدا ڕێزی بەرامبەرتان بپارێزن و هەروەها نەهێڵن بێڕێزیشتان پێ بکرێت.
۴. وتووێژی مەبەستی ئێمە، بابەتێکی جیاوازە لە دەمەقاڵە و پێویست ئەکات لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی و لێبوردەیی دامەزرێت. کاتێک دوو لایەن هەستیان بە ڕێز و خۆشەویستی و لێبوردەیی کرد، لەوانەیە بە دڵێکی ئاسوودەوە، درێژە بە قسەیان بدەن و وتووێژەکە سەرکەوتووتر بێت. بۆیە ڕێز و خۆشەویستی و لێبوردەیی بناخەی سەرەکی وتووێژ ئەژمار ئەکرێت.
بێگومان ئەگەر جوان سەرنج بدەین، لەوانەیە خاڵانێکی تر کە گرنگە، لە ئارادا بێت و ئێمەش ئەیسپێرین بە شارەزایان.
هیوادارم بە شێوەیەکی پسپۆڕانە چاو لە وتووێژ بکەین و بە باشی خۆمانی لەسەر دامەزرێنین. و هەروەها بزانین کە وتووێژ دەرمانی زۆربەی دەردەکانی کۆمەڵگای لێوان لێو لە ئازاری ئێمە.

سپاس بۆ سەرنجتان
هەنگاوتان لەسەر زانیاری و فێربوون بەردەوام بێت.

مانای بڕێک لە وشەکان:
۱. گریمانە: نظریه
۲. خۆسەری: خودمختاری
۳. کارمەییەکانی ژیان: مهارت های زندگی
۴. چڕ: انبوه
۵. نێردراو: فرستاده
۶. تایبەتمەندی: مشخصه، ویژگی
۷. جەخت: تمرکز، توجه
۸. سەماخ: عزت نفس
۹. متمانە بە خۆ بوون: اعتمادبه نفس
۱۰. شیکاری کێشە: حل مسئله
۱۱. بیری ڕەخنەیی: تفکر انتقادی
۱۲. بیری داهێنەر: تفکر خلاق
۱۳. ئامراز: وسیله
۱۴. هەڵسوکەوت: رفتار، اخلاق
۱۵. شیاو: موجه، درخور شان
۱۶. ڕچاو: توجە
۱۷. بایەخ: ارزش
۱۸. ئاکار: کردار، رفتار
۱۹. ئارا: وجود داشتن
۲۰. لێوان لێو: مملو، پر